پێشەکی
زۆر لە مێژبوو هيوام ئەوە بوو كە زانيارى زياتر لەسەر ئەم بابەتە بزانم سوپاس بۆ ئەهورامەزداى مەزن توانيم زانيارى بەسود لەسەر ئەم بابەتە كۆبكەمەوە، جونكە باسى ميژوو و ئاينى كۆنى نەتەوە و ميللتەكەمانە بێگومان ئەوەى ڕابردوى خۆى و ميللەتەكەى لە بيركات داهاتوى نابێت و مەحکومە بە لەناو چوون.
هەندێك لەنوسراوە كۆنەكان و مێژوونوسە يۆنانيەكان ئەڵێن زەردەشت كە لەدايك بووە بزەو پێكەنينى لەسەر لێو بووە ، ئەمەش سەلمێنەرى ئەو راستيەيە كە ئاينى زەردەشت ئاينى خۆشى و شادی و خۆشبەختييە، ڕۆڵێكى زياتر بە ئادەميزاد ئەدات، و هانى ئەدات بيربكاتەوە و سەربەستى ئەكات لە هەڵبژاردنى ئاينەكە..
گومانى تيانييە كە ئاينى زەردەشت ئانێكى ئاسمانييە، وەك ئاينەكانى تر بە ئيسلام كاڵبۆتەوە ، كە لەو سەردەمەدا بەراستى وەك خۆرێكى گەش ناوچەكە و جيهانى روناك كردۆتەوە، خەڵكى لە درۆ و باوەڕ بە جادوگەرى ڕزگار كردووە. پێويستە گرنگى تەواو بە زەردەشت و ئاڤێستا بدەين، نەک وەك وە ئانيك بەڵكو وەك نوسراوێكى كۆن كە ئەتوانين بڵێين كۆنترين نوسراوى رۆژهەڵاتى ناوەراستە، وە بۆ پيشاندانى ئاستى تيێگەيشتوى مرۆڤى كوردى ئەوسەردەمە، ئەو رابردووە پرشنگدارەى نەتەوەكەمان..
زەردەشت
زەردەشت (زوراستر يان زرتشتر) واتە خاوەنى وشترى زەرد يان كۆن يان پير، وادەرئەكەوێ كوڕە جوتيارێك بووە لە هۆزى ماد لەتيرەى موغەكان مێژوو وشوێنى لەدايكبوونى بە (660)پ.ز. لە كەنارى گۆمى ورمێ دانراوە ، لەگەڵ بونى چەندين ڕاى تر، زەردەشت ناوى باوكى "پورشپ"ە ناوى دايكى بە "دغدۆيە" هاتوە، هاوسەرەكەشى ناوى "هووى"بووە. "پوروچێست، وجامناسياە" لە كچەكانى زەردەشت بوون...
چەندين ڕا سەبارەت بە كات و شوێنى لەدايكبونى زەردەشت هەيە جونكە لەدواى نەمانى زەردەشت ئەوانەى ئاينەكەيان بڵاوكردۆتەوە بەناوى [زەردەشتوم] ناونراون يەك لە دواى يەك نزيكەى چوار سەدە هەر بەو شێوەيە بووە، ئاينەكە لە ئێران وئازەربايجان وكوردستان و هندستان چەند ناوچەيەكى تر بڵاوبۆتەوە تا لە سەردەمى ساسانيەكان موبيدى گەورە بەناوى [كورتێر] مەقامى موبيدى موبيدانى دانا، ئيتر ناوى [زەردەشتوم] نابينرێ .
لە بارەى خوێندنى زەردەشتەوەگەلێك بيروڕاى ناكۆك وجياواز هەيە هەندێك ئەڵێن لە يۆنان خوێندويەتى، هەندێكى تريش بەقوتابى قوتابخانەى فەلسەفەى هندى دەزانن.
لە سەرەتاى تەمەنييەوە بە خاوەن رەوشت و دلۆڤان و نەرمونيان ناسراوە، لە سەردەمى لاوێتى زەردەشتدا وشكەساڵى رويدا، زەردەشت بەرامبەر مرۆڤە پيرەكان ريزو ميهرەبانى و بەرامبەر بە گياندارانيش خۆشەويستى و بەزەى نيشانداوە. زەردەشت لە تەمەنى 20 ساڵى ژن و باك و دايكى خۆى بەجێهێشت، بۆ دۆزينەوەى نهێنيەكانى ئاينى و وەڵامى كێشە روحانييەكانى، بە دوروبەرى جيهاندا دەگەرا و بە هەموو لايەكدا ئەرۆيشت لەگەڵ هەموو كەسێكدا ئەكەوتە گفتوگۆ تاكو نورى روناكى دەرون و دڵى رۆشنبكاتەوە، لەسەرچاوە يۆنانييەكاندا وتراوە زەردەشت ماوەى حەوت ساڵى لە ئەشكەوتێكدا لە قەدپاڵى چيايەك بردۆتە سەر، بە خامۆشييەكى رەها رايئەبوارد، ناوبانگى دەركردبوو كە پياوێكى لە خوا ترسە و چەندين ساڵى لە بياباندا بەسەربردووە.
زەردەشت وا دەرئەكەوێت لەتەمەنى 30 ساڵيدا سروش(وەحى)ى لە كەنارى روبارى "ديتا" لە لايەن فريشتەی وهومنە (بەهمەن واتە بيرى چاك)ەوە بۆ هاتبێت، دە ساڵ خۆى بەتەنها دەستى بە پەرستن و عيبادەتى ئاهورامەزدا كرد. پاشان بێوەستان دەستى بە ئامۆژگارى خەڵكى كردووە، لە سەرەتاوە كەس گوێى لە وتەكانى نەئەگرت، چەندين جار نائومێدبوو، ئەخرايە بەر وتەى ناڕەوا و تاقيكردنەوە، دواى ماوەيەكى زۆر ئاواتەكەى هاتە دى يەكەم كەس كە ئاينەكەى پەسەندكرد ئامۆزاكەى بوو بەناوى "ميندى نيمون ها"،
پاشان لە هەرێمى خۆرهەڵاتى ئێران گەيشتە بارەگاى پاشا"ويشتاسپ" كە پاشاى ئەو ناوچەیە بوو، ماوەى دوو ساڵ گەلێك تێكۆشا تا ئەم پاشايە بهێنێتە سەر ئاينەكەى خۆى، بەهۆى چەند كەسێكى ئەهريمەن سروشت كە دژى ئاينەكەى بوون پاشا زەردەشتى خستە زيندانەوە، پاش دووساڵ موعجيزەيەك لە زەردەشتەوە دەركەوت و "ويشتاسپ" هاتە سەر ئاينكەى و هەموو هێزى خۆى بۆ بڵاو كردنەوەى ئاينەكە خستە كار، دواتر دەست وپێوەندەكانى و فەرمانبەرانى پاشا باوەريان پێ هێنا ...
زەردەشت لە تەمەنى "70 يان 77" ساڵيدا لەكاتێكدا بەرامبەرى ميحرب خەريكى خوا پەرستى بوو لەلايەن سەربازێكى تورانييەوە كوژرا..
"ئەفلاتون" (429-347پ.ز.) بە ڕاشكاوى ناوى زەردەشتى بردووە، بە دامەزرێنەرى ئاينى[مەزديەسنا]ى داناوە.
"بروسوس"ى مێژونوس (سەدەى 3 ز.)بە دامەزرێنەرى زنجيرە پاشايەتی مادى دادەنێت.
واژەى زەردەشت لە مێژودا بە(12)جۆر هاتوە، بە چەندين مانا لێكدراوەتەوە وەك: ئەستێرەناس، ئەستێرەپەرست، ئەستێرەى نياز،كێڵگەى شايستەى نياز، زەوى كێڵێكى باشتر، شوانى وشتر،ئەستێرەى زێڕين، سزادەرى وشتر، ئەستێرەى تەڵايى، تيشكى زێڕين، سەڵتەنەتى زێڕين، ستايش كەرى بڵند يان كەسێك روخسارى لە نورى خوا ڕونە.
خواى زەردەشت
لەبارەى(يەكتا)يى بوونى يان (دووتا)يى بوونى خواى زەردەشت دووبۆچوون هەیە:
يەكەم: دووتاى بۆجونێكى كلاسيكييە كە زەردەشتييە سادەكان (نەك پێشەوا و ئاراستەكەرانى ئاينەكە) قبوڵيان كردووە، بەپێى ئەم بۆچونە ئاينێكى دووتا پەرستييە ئاهورا(سپنتا مئى نو) و ئەهريمەن(ئەنگر مئى نو)، دوو بونەوەرى خێر و شەڕ، هەر كەسێك وهەر شتێك خراپ بێت بەشێكە لە (ئەنگر مئى نو)، ئەگەر باش بێت بەشێكە لە (سپنتا مئى نو)، ئەم دوو بونەوەرە(سپنتا مئى نو،ئەنگر مئى نو) هەميشە لە جەنگدان لە دژى يەكتر.
دووەم: يەكتاى بەرهەم و ڕاى هەندێ لە مێژونوسەكانە، ئەو مێژونوسانەى خەريكى رازاندنەوە و راستكردنەوە و شيكردنەوە و زيندوكردنەوەى ئاينى زەردەشتن، بناغەى لێكدانەوەكانيان لە سەر كۆنترين دەقەكانى ئاوڤستايە كە وتەى خودى زەردەشتە كە دەقێکى ئاينى يەكتاپەرستييە،
گەورەترين خزمەتى زەردەشت لەڕوى ئاينييەوە ئەوەيە زياد لە هەموو ئاينەكانى پێش خۆى يەكتاپەرستى نزيك ئەبێتەوە ئەگەر ئاينەكەى خۆى يەكتاپەرستيش نەبێت.
خواى زەردەشت كە "ئاهورامەزدا" يە هەميشەى و ئەبەدييە ژير وبەتوانا و زانا و بينەرە، دروستكەرى ئاسمان و زەوييە و هەموو شتێكى چاكە، ئەهريمەن بكەرى هەموو كارە ناڕەواو خراپەكانە، هەريەكەشيان بە چەند فريشتەيەك ياوەرێتى دەكرێن:
ياوەرانى ئاهورامەزدا (سپنتا مئى نو): شەش فريشتەن ياوەرى بونەوەرى چاكى جيهانن، جيهانى خێر ئەبەن بەڕێووە، لەگەڵ (ئەنگر مئى نو) و ياوەرانى ئەجەنگن ئەم شەش فريشتەيەش بە "ئامشاسپند" ناسراون واتە (روحى نەمر و ئەزەلى و ئەبەدى) بريتين لە:
١. بەهمەن: فريشتەی رەوشت باش يان (فريشتەی سروشت باش يان خێر).
٢. ئوردی بەهەشت: فريشتەی راستى و دادوەرى.
٣. شەهريوەر: فريشتەی توانا.
٤. خرتات: فريشتەی سوودمەندى و كامەرانى و سەركەوتن و خۆشى .
٥. ئەسپندارمز: فريشتەی بەرەكەت و ئەوين و خۆشەويستييە.
٦. مورداد يان مرتات: فريشتەی نەمران و هەميشەييە.
ئەم شەش "ئامشاسپند"ە لەژێر ڕابەرايەتى (سپنتا مئى نو) دان، كۆمەڵەيەكى حەوت كەسى ثێكدەهێنن، ڕاپەڕێنەرى خواستەكانى ئاهورامەزدان، لە خەباتى دژى خراپكاراندا يارمەتى ئەو مرۆڤانە ئەدەن كە ڕێگاى ئاهوراموزدايان گرتۆتەبەر و لە سەرى ئەڕۆن. جگە لەمانەش چەندين فريشتەى تريش هەن...
ياوەرانى ئەهريمەن(ئەنگر مئى نو): شەش فريشتەي خراپەكارن (فريشتەی سزان) ياوەرى (ئەنگر مئى نو)ن، كۆمەڵەيەكى حەوت كەسى روح پيس پێكئەهێنن. (سپنتا مئى نو، ئەنگر مئى نو)و يارانيان لە دوولاى زەويەوە هەردوو ريزى چاكە وخراپەيان ريزكردوە، مرۆڤيش لەم نێوانەدا سەربەستە هەر ريزێكيانى بوێت هەڵيئەبژێرێت. هەڵبەتە زياد لەمانە چەنديين فريشتەى تريش هەن... ئەم كۆمەڵانە رژێمى باوەرى ميتافيزيكى ئاينى زەردەشتە، كە جيهانبينى زەردەشتيش نيشانئەدەن...
ئاڤێستا [ئاوێستا]
ئاڤێستا يەكێكە لە كۆنتريـــن نوســـــراوە جيهانييەكان و كۆنترين كتێبى نوسراوى ئارييەكانە، ئەو زمانەى ئاڤێستاى پێ نوسراوەتەوە بە زمانى ئاڤێستاى ناوى دەركردووە، ئاڤێستاى كۆن 21 كتێب بووە (1000) بەش بووە، فيردەوسى لە (شانامە)كەيدا بە (1200) بەش دايئەنێت، بە خەتى زێڕين لەسەر پێستى دوانزەهەزار گا نوسرابۆوە و لە خەزێنەى "داراى كوڕى دارا"ى پاشاى ئێرانى پارێزگارى لێ ئەكرا، لە هێرشەكەى "ئەسكەندەرى مەقدۆنى" بۆ سەر ناوچەكە سوتـاندى، هەرجەندە ئەوترێت نوسخەيەكى لەگەڵ خوى بردبێت بۆ يۆنان و وەريگێرابێتە سەر زمانى يۆنانى دواتر ئەويشى سوتاندبێ!، لــەو سەردەمەوە ئاڤێستـا لـە ثێنج بەش سـێ بەشيـانى بـە تەواوى لەناوچوو..
"بلاشى ئەشكانى" هەوڵی نوسينەوە و رێكخستنەوەى ئاڤێستای داوە بەڵام سەركەوتوو نەبووە،
"ئاردەشێرى بابكان" -دامەزرێنەرى زنجيرە پاشايەتى ساسانى- برەوى بە ئاينى زەردەشت دا، بە يارمەتى چەند كەسێكى شارەزا لەئاينەكە و بە سەرۆكايەتى "تنسر" ئاڤێستاى نوسييەوە، بەفەرمانى "شاپورى يەكەمى كورى ئاردةشێر" زانستە جۆربەجۆرەكانى سەردەمەكەى بۆ زيادكرا و كرديانە پاشكۆى ئاڤێستا، لە سەردەمى "شاپورى دووەم" بە هۆى ناكۆكييە ئاينيەكانەوە جاو بە ئاڤێستادا خشێنرايەوە، ئەم كارە بە "ئازرباد مهر اسپند"(310ز-379ز) سپێرا كە موبيدێكى بەناوبانگى ئەو رۆژگارە بوو، لە ئەنجامدا ئاڤێستا كۆكرايەوە و نوسرايەوە، سێوەيەكى رەسمى وەرگرت ، بە سێ بەهر(بەش) هەر بەهرێكيش حەوت نسك(بەند) دابەشكراوە ناوى بەهرەكان بريتين لە:-
1. گاسانيك: دەربارەى پەيدابونى جيهانە.
2. دانيك: دەربارەى زانستە.
3. هاتيگ مانسريك: دەربارەى دووعا و موناجاتە.
وە هەر نسكێك(بەند) ناوى تايبەتى خۆى هەيە.
ئاڤێستاى كۆن جياوازى لەگەڵ ئاڤێستاى سەردەمى ساسنيەكانيشدا هەيە، لەسەردەمى ساسانيەكاندا لە 1000 بەش تەنها 348 بەشى مابۆوە بريتى بووە لە 345700 وشە ، وە ئەو ئاڤێستاى كە هەيە 83000 وشەيە.
ئەلفوبێى ئاڤێستا 48 پيتە، "دين دەبيرە" يان "خەتی دەبيرە"(نوسينى ئاينى) پێ ئەوترێت، وشەى ئاڤێستا وەك زەردەشت بە چەند جۆرێك لێكدراوەتەوە، هەندێك لە زاناكان بە [پەناگە] هەندێ لە زانايانى تر بە [زانست و زانيارى] ژمارەيەكى تريش بە ماناى [دەقى بنچينەى] دائەنێن، ئەوەى سەلمێنراوە ئاڤێستا واتە [بنچینە] وشە ئاڤێستا بەزۆرى لەگەڵ وشەكانى [زەند و پازەند] كە لە زۆر سەرچاوە بەر چاو ئەكەوێت كە زەند رونكردنەوەى ئاڤێستايە، وە "پازەند"يش كە رونكردنەوەى زەند وئاڤێستايە، روژهەڵات ناسەكان زۆر جار ناوى ئاڤێستايان بە "زەند و ئاڤێستا" بردووە، كە زەند و پازەند كە بەهۆى موبيدەكانی ئاينى زەردەشتەوە نوسراوەتەوە، ئەم رونكرنەوانە (باررو)ى پێ ئەوترێت...
كۆنترين نوسخەی ئاڤێستا ئێستا لە [دانيمارك]ە، ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ساسانييەكان ...
بەشەكانى ئاڤێستا
ئەو ئاڤێستايەى ئێستا لەبەردەستايە ئەكرێت بە شەش بەشەوە بەم سێوەيە:
سرودەكانى گاتاكان بە پێنج بەش دابەش كراوە:
١) ئەهنودگات: حەوت بەشە (بەشى 28 تا 34 لە يەسنا) بريتيە لە 300 دێر و 2100 وشە.
٢) ئەشنودگات: چوار بەشە (بەشى 43تا 46 لە يەسنا) بريتيە لە330 دێر و 1850 وشە.
٣) ئەسپنتا مينو گات: چوار بەشە (بەشى47 تا 50 لە يەسنا) بريتيە لە 146 دێر و 900 وشە.
٤) وهو خشترە گات: يەك بەشە (بەشى 51 لە يەسنا) بريتيە لە66 دێر و 450 وشە.
٥) وهيشتو گات: يەك بەشە (بەشى 53 لە يەسنا) بريتيە لە36دێر و 260 وشە.
كۆى گشتى گاتەكان 17 بەشە و بريتين لە 896 دێر و 5560 وشە، لە گاتاكاندا 200 جار ناوى مەزدا براوە، ناوى زەردەشت 16 جار، وە ناوى ئوردى بەهێشت 180 جار، ناوى بەهمەن(وهومن) 130 جار ه هاتووە...
ڕێنمايى و سێ تەوەرەكەى زەردەشت
بناغەى ئاينى زەردەشت لە سەر سێ تەوەرە دامەزراوە:
١. بيرى چاك
٢. وتەى چاك
٣ كردارى چاك
هەروەها جەختى لەسەر راستى و دروستى و دوركەوتنەوە لە درۆ و ناپاكى كردۆتەوە، زەردەشت درۆزنەكانى بە سزاى جەهەنەم ترساندووە، مژدەى چوونە بەهەشتى بە راستگۆكان داوە. بەم ثێيەش ئاينەكە لەسەر ڕاستى و دروستى دامەزراوە، درۆ و ناپاكى دژى ئاينەکەیە.
لە گاتاكاندا هاتوە: "گوێ بۆ باشترين وتەكان بگرە، لەنێوان دوو ئاينى (راستى و درۆ) خۆت داوەرى بكە"..
لە يەسناى (31/20)دا هاتوە: "دۆستانى راستى لە كوێرەوەرى بە دورن، بەڵام درۆپەرستان لە كوێرەوەريدا ئەمێننوەوە" ..
لە يەسناى (49/4)دا هاتوە: "دۆزەخ جێگاى درۆزنانە" ..
لە ئاڤێستادا هاتوە: "هەركەسێ پەيمان شكێنى بكات ئەوە دزى پەيمانە، ئةبێت شەو و رۆز لە بيرى پەيمانى خۆتا بيت" ..
چەند وتەيەكى كورت لەسەر ئاينەكە
بەپێى ئاينى زەردەشتى كە ئاينى باوباپيرانى ئێمەيە، جيهان و هەرجى لەودايە دڵفرين و جوان وخاوێنن و هەموويان بەدەستى ئاهورامەزدا" سپنتا مئى نو" دروستبوون، وە هەرجى ناپاكى و پيسى و چەپەڵى و تاريكى و چارەڕەشى هەيە بەرهەمى كارى ئەهريمەن" ئەنگر مئى نو"ى ناپاك وپيسە.
ئادەميزاد بێئەوەی بە جارەنوسێكى ناديارەوە بەسترابێتەوە، بێئەوەى ناچاربێت ئەتوانێت لەنێوان دوو هێزى رووناكى تاريكيدا يەكێكيان هەڵبژێرێت و لەگەڵيدا پەيوەندى هەبيت..
رێنماى ژيان لێرەدا ئەوەيە كە مرۆڤ روبكاتە ئاهورامەزدا و لەشەر دژى ئەهريمەن يارمەتى بدات و تا دوا هەناسەى دەست لە دژايەتى ئەهريمەن هەڵنەگرێت..
لەئاينى زەردەشتدا مرۆڤ سەربەست و ئازاد خەلق كراوە هيچ چارەنوس و زۆر و تەقدييرێ ناتوانێت ئەو بەرەو رێگاى ناديار بەرێت، مرۆڤ مافى ئەوەى هەيە بەئازادى لەم سەر زەويەدا بژى لەوانەى دڵى ئەخوازێت کەڵک وەرگرێ، و لەگەڵ پاكى و جوانيدا گونجاو بکات
ژيان لاى مرۆڤى زەردەشتى سياچاڵ و بەندينخانەيەكى ترسناك نييە، بەڵكو بەهەشتێكى رۆشن وسەرسەوز و دڵفڕێنە.ئەم بەهەشتە بەدەستى مرۆڤ خەڵق ئەكرێت و ئەركى ئەوەيە لە هێرشى ئەهريمەن بيپارێزێت.
دونيا بەهەشتى كافرەكان و بەنديخانەى پارێزكاران نييە، بەڵكو مەيدانى هەوڵ و تێكۆشان و جموجۆڵى خەڵكى پاك دڵ و رووناكبين و راستى پەرستە، هەركەس لەم مەيدانە پانوبەرينە خۆى دووربخاتەوە و خۆ پەنا و قوژبن بهاويت و لە خۆشيەكان بەركەنار بێ.. ئەوە بۆ وێرانى دنيا يارمەتى ئەهريمەنى داوە، وە دەروێشێتى و سواڵكەرى و سەرداخستن و گريان و ماتەم و غەم و پەژارە هەموو كردەوەى ئەهريمەنى و ناڕەوان، مرۆڤى مەزدا پەرست هەرگيز روو لەو كارانە ناكات و ژيانى ئەو بە سەربەرزى و شادمانى تێئەپەڕێت...
ژيان لە ئاڤێستادا بە واتاى گۆڕەپانى خەبات و زۆرانى ئاهورامەزدا و ئەهريمەن، پاكى و ناپاكى، جوانى و ناشرينى، خۆشبەختى و بەدبەختی، ئەوەى رزگارى ئەبێت و سەرئەكەوێت ئاهورامەزدا و پاكى و سەربەستييە،
مرۆڤ لەم ئاينەدا قارەمانى دنيا و پاڵەوانى خەباتكارە، لە شەرى پاكى ناپاكيدايە، پلەوپايەى ئەوەندە بەرزە وەكو ياريدەدەرى ئاهورامەزدا، ريشەى غەدرى ئەهريمەن ئەكەن، جيهانێكى پاك و روناك بونياد ئةنێن، ئاهورامەزدا نە خوداى بەخشندە و دلۆڤانى و پاڕانەوەيە، نە خوداى سەپێنەر و توورە وڕق و مەكرە. بەڵكو خوداى راستى پاكى و راستگۆى و پەيمان دۆستان و وەفاداران و بە عەهد وبەڵێنە وە ئەبێت پەيرەوانى ئاهوراش وابن .
ئاهورامەزدا خواست و ويستى خۆى بە باڵاترين و راسترين نازانێت، بەڵكو لە ئەمشاسپندان و فريشتەكان و ئادەميزاد بە دژى ئەهريمەن داواى يارمەتى دەكات،
بەپێى ئاينەكە جياوازى لەنێوان ژن و پياودا نييە، جۆن رێزى پياو دەگرێت بەهەمان شێوە رێزى ژن ئەگرێت، ژن لە هەموو ژياندا هاوشانى پياوە و هەميشە ناوى كەيبانو وكيژەكان لەگەڵ پياودا هاتووە، ئاڤێستا بە پياوان ئەڵيت، لە ژنانى داوێنپاك وجوان و رازاوە سوود وەرگرن، بيانكەنە هاوژيانى خۆتان، ئەمەش لە زۆربەى پەرەكانى ئاڤێستا دووپات كراوەتەوە. لە گاتاكاندا ئەبينين كە زەردەشت كچى خۆى بەناوى "پوروچێسپ" بۆ هەڵبژاردنى مێرد بەدڵى خۆى سەربەست وئازاد ئەكات، مەجبورى ناكات لەگەڵ كەسێكى دياريكراو زەماوەند بكات... بەكورتى سەرانسەرى ئەم ئاينە كۆنە پيشاندەرى پاكى و راستى شادى و ئازادپەروەر و دلاوەرى باوك وباپيرانى سەربەرزى ئيمەيە، رێگا و رەوشتى ژيانێكى باشە بۆ ئاوەدانى و پێكەوە ژيان بە خۆشى و كامەراني...
سەرچاوەكان:
١. مێژووى ئاينى زەردەشت. عەبدوڵا موبلغى ئابادان. وەرگێرانى: وريا قانيع.
٢. ئاوێستا نامەى مينەوى زەردەشت. جەليل دوستخواه. وەرگێرانى:عومەر فاروقى.
٣. پوختەيەك لە بيروباوورى زەردەشت، وەرگێرانى: ئازاد حەمە شەريف
٤. ئاڤێيتا-گاتاكان- لە مێژينەترين سرودەكانى كورد. وەرگێرانى: عەباس جەليل
تێبینی: ئەمە راپۆرتێکە کە بۆ وانەی کوردۆلۆجی ئامادەم کردووە لە ساڵی خوێبدنی ٢٠٠٨-٢٠٠٨ لە زانکۆی سلێمانی.
دارەوان